خوایە فێری ئەو وشانەمان بکە کە خۆت پێت خۆشە، بەوانەوە بانگت بکەین، لەو ساتانە یارمەتیمان بدە داوا بکەین، تۆش منەتی خۆتمان بەسەردا بڕژێنە!
خوایە لە بەڵا و فیتنەکان بمانپارێزە، ئازادی راستەقینەمان پێ ببەخشە، پەیوەستمان بکە بە هیدایەتی خۆت!
خوایە پەنامان بدە لە خراپەی شەیتان و خراپەکاران، لە چاوی حەسود و دڵە نەخۆشەکان، نیعمەت و خۆشیەکانمان بۆ بپارێزە!
ئەی بۆ هەمیشە زیندوو، دڵمان لەسەر ئیمان و ئیسلام بە زیندووی بهیڵەوە، نەرم و نیانی زیاترمان پێببەخشە، لەو کارانە نزیکمان بکەوە کە بەوە پیاوچاکانت خۆشویستوە، رێزدارت کردوون!
خوایە رێگای هیدایەتمان زیاتر بۆ رۆشن بکەوە، دوورمان بخەوە لە گومڕایی و سەرلێشێواوی، تاریکایمان بۆ بگۆڕە بۆ رووناکی و رۆشنایی، ژیانمان بۆ بکە بە چراخان!
خوایە بڕوابوون بە دواڕۆژمان بۆ بگەیەنە پلەی دڵنیایی تەواو، یارمەتیمان بدە کە خۆمان ئامادە بکەین، زاد و زەخیرەی بۆ کۆبکەینەوە، راستگۆییمان لە هەوڵەکان بۆ بەهەشت پێببەخشە!
خوایە لە نەخۆشیەکانی دڵ بمانپارێزە، لە نیفاق و ریا پاکمان بکەوە، ئارەزوو و پەرۆشیمان بۆ راستگۆیی و نیازپاکی زیاد بکە، پلە زۆر باش و بەرزەکانمان پێ ببەخشە!

Comments
Post a Comment