Skip to main content

ئەی پاشای گەورە، خاوەنی ئاسمان و زەوی!


ئەی پاشای گەورە، خاوەنی ئاسمان و زەوی، گەورەیی و خۆشویستنی خۆت بچەسپینە لە دڵمان، تا بچوک و هیچ و پوچەکان بە جوانی ببینین، هەیبەتی تۆمان لا جوانتر دەربکەوێ!


ئەی بەخشندە و دەوڵەمەند، هەموو ئەوانەمان پێببەخشە لە خێر و خۆشی کە داوات لێدەکەین، دڵمان دەوڵەمەند بکە، لە نەخۆشی دوورمان بخەوە، ئازار و ناخۆشیمان بۆ بکە بە خۆشی و حەسانەوە، ژیانێکی گەشاوەمان بۆ فەراهەم بکە، پڕبێ لە ئاسوودەیی و لوتکەی ئارامی دەروونی!


خوایە بەخشندەیی و میهرەبانی خۆتمان پێ ببەخشە، بمانخە ناو کانگای  ڕه‌حمه‌ت و سۆزو به‌زه‌‌یی خۆت، میهرەبان و بەخشندەمان بکە بۆ موسڵمانان، بە ماڵ و سامان و دەست و دڵ، بە ئاشکرا و بە نهێنی!


خوایە فێری سوپاس و ستایشی خۆتمان بکە، سوپاس و ستایشێکی بێ سنوور، سوپاس و ستایشێکی شایستە بە گەورەیی و شکۆی خۆتەوە، سوپاس و ستایشێک شایستەبێ بە په‌روه‌ردگارێتی خۆت، کە تەنها خۆت پەرەوردگاری جیهانیان و هه‌موو بوونه‌وه‌ری!


خوایە بمانخە ناو زەریای ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی خۆتەوە، خوایە ئەو ڕەحمەتەمان لە نێو چاوان بنوسە کە له دنیادا هه‌موو شتێکی گرتۆته‌وه‌، خوایە ئەو ڕەحمەتەت لێ داوا دەکەین کە لە قیامەت تەنها بە ئیمانداران دەبەخشی!


ئەی خاوه‌ن و سه‌رداری ڕۆژی پاداشت و سزا، ئەی پادشای دونیا و ڕۆژی قیامه‌ت، لە دونیا و قیامەت بە ڕەحمەت و سۆزی خۆت سەیرمان بکە، مەمانخە ژێر باری سەرسامی هیچ کردەوەیەکی چاکمان، لە فریودانی شەیتانەکان و کەسانی خراپ و فێڵباز بمانپارێزە!


خوایه‌، دڵمان وەرگێڕە بۆ لای خۆت کە ته‌نها هه‌ر تۆ بپه‌رستین و هه‌ر له‌تۆش داوای یارمه‌تی و پشتیوانی بکه‌ین، مەماندە دەست نەفس و هەوا و کەم زانستی خۆمان، هەموو کاروبارێکی بچوک و گەورە بۆ لای تۆ دەگێڕینەوە، تەنها تۆ پشتیوان و گەورەمان بە!

Comments